...
ئینسانم.
ژیانم پێ خۆشه.
پێم خۆشه له شاری ئاوه‌دان، له شه‌قامی پاک و خاوێن له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستان بگه‌ڕێم.
پێم خۆشه له ژووری گه‌رموگوڕ له‌سه‌ر نوێنی نه‌رم وه‌رکه‌وم.
پێم خۆشه سه‌ر وه باسکێکی نه‌رم و نۆڵ بکه‌م.
پێم خۆشه کام خۆراک خۆشه له‌پێشم بێ، پێم خۆشه کام شه‌راب چاکه له جاممدا بێ.
ده‌مه‌وێ سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕینی نازداران ته‌ماشا بکه‌م.
ده‌مه‌وێ جوانترین باله ببینم، بۆ چاکترین ئۆپێرا گوێ ڕابگرم.
ده‌مه‌وێ به‌رزترین سه‌مفۆنیم بۆ لێ‌بدرێ.
نامه‌وێ ده‌ربه‌ده‌ر و سه‌رگه‌ردان بم،
به ته‌نێ به کێو و شاخاندا بگه‌ڕێم.
له ئه‌شکه‌وت و زندۆلان بخزێم،
له‌سه‌ر به‌ردی ڕه‌ق بنووم.
قونداغی ڕه‌ق و ساردی تفه‌نگ بکه‌مه سه‌رین.
نانی وشک و که‌ڕواوی بخۆم،
ئاوی سوێر و گه‌رم بخۆمه‌وه،
پێم خۆش نییه لاقه‌فرته و چه‌نگه‌کڕه‌ی نیوه‌گیانان ببینم،
خوێن و فرمێسکم وه‌به‌ر چاو بکه‌وێ،
پێم خۆش نییه به ته‌قه‌ی تفه‌نگ و گرمه‌ی تۆپ و هاڕه‌ی ته‌یاره ڕابچه‌نم.
به‌ڵام:
چبـکه‌م، کوردم
کۆیله‌م،
ئه‌وانه هه‌موو و ته‌نانه‌ت کوژران و کوشتنم پێ له کۆیله‌تی خۆشتره.
مامۆستــا هێمــن