ئەی وڵاتـم:

بیست و سێ ساڵە بۆنی خاك‌ومرۆڤ‌و لیتە‌و عارەقەكەی تۆ دەچێت بەسەرمدا و

وەڕ‌‌‌‌ه‌ز نەبووم

بیست و سێ ساڵە

چاوەنواڕم شەوێكی كپ،

كچ و كوڕێكی شۆخ و شەنگ بێنەخوارێ و بۆ دورگەێكی سەوز هەڵمـگرن

نەهاتیت و گلەیشم لێنەكردی

تۆش پێم دەڵێیت…

خۆفرۆش و خیانەتكارم…

دڵم لە بەردە بۆ خەمت… بێ ئازارم…

من هەتا تۆزێ سەر لەشی چەقەڵەكانیشت دەپەرستم

هەتا تنۆكە بارانی سەر دەستی منداڵەكانیشت دەپەرستم

بەڵام بڵێم چی…

گەر ڕقم لەو پیاوە تەنگ ئەستور و گومڕایانە بێت،

ئەو پیاوانەی شەوی دەجار خەنجەر لە دڵی جوانی دەدەن

ڕۆژی دە جار كچانی ئۆفیس و نێو پاس و بەر گۆگان هەڵدەمژن

لەدوای هەموو خامۆش‌بوونی لەزەتێكیشەوە

كاتێك زریزەی پانتۆڵەكانیان دادەخەن

باسی شەڕی چینایەتی و بەرەی گەورەی سۆشیالیزم دەكەن

خوایە چی بكەم…

ڕقم لەو كچ و كوڕ و مامۆستا گێلانەیە

كە وەكو شەمشەمەكوێرە لە داڵان و حەوشەكانی زانكۆدا دێن و دەچن

ڕقم لە مشك و سەرباز و گۆڤاری بێ‌جنێوە

ڕقم لە ماشێنی تازە و چاوێلكەی چێوە زێڕین و خاوەن چێشتخانە و كۆگا و كاسێت‌فرۆشەكانە

ئەی نیشتیمان…

ئەو دەستانەم خۆشدەوێت

كە وێنەی دڵ و تیرێكیان تیا كراوە

ئەو كەپوانەم خۆشدەوێت، كە ئەلقەیان تێخراوە

حەزئەكەم لە گوندێ بژێم…

لەو دوورانە

بەیانیان پیرێژنێكی چاو بە خەو هەڵمسێنێ

كە بانگ لە كچەكەی دەكات

هۆی نێرێ… نیرگەلێ… نێرگسێ، هەستە مەشكەكەت بژەنە و كۆڵوانەكەت بكەرە مل وا بەیانە.

ئەی نیشتــمـان:

لە ڕۆژانی قات و قڕیدا بیر لە باران دەكەمەوە

من بیر لەو دونیا بێدەنگەی تۆ دەكەمەوە

ئەو دونیایەی شەوگارانی وەكو چەقۆ…

وەكو هاوار لە كۆڵانە بێدەنگەكانی نیوەشەودا دەناڵێنێ

ئەو جەستانە…

جەستەی ئەو پیرێژنە گریاوەی لە مەرقەدی شێخ و لە ماڵی هەتیوەكاندا دەناڵێنێ

منیش هەڵۆیەكی پیرم…

پشیلەیەكی مۆمیاكراوم

جاڵجاڵۆكەیەكم لە سندوقێكدا

قالۆنچەیەكم لە پێڵاوێكی كۆندا

ئەویش تیشكی خەونە تەڵاییەكەی تۆیە

زرنگەی دەنگە زیوینەكەی تۆیە

بریسكەی چاوە بڕۆنزییەكانی تۆیە

مستێ ئاوم بدەرێ

هەتا ماوم دەستی چەوری كرێكارەكانت دەشۆم

تیكەیەكم پێبدە

لەگەڵ منداڵە برسییەكانت دەیخۆم

جوتێ چاوی شین و قژێكی زەردم بدەرێ،

حەز لە كچە ڕەشتاڵە لاوازەكانت دەكەم،

وەكو ڕاوكەرە پیرەكان

كڵاشەكەم دەخەمە ژێر سەرم و دەنووم

دەنووم تا پێغەمبەرەكان زیندوودەبنەوە‌و

كتێبی نوێمان بۆ دێنن

دەنووم تا پیرۆمیسۆس ئاگرە دزراوەكەی دەگێڕێتەوە

دەنووم تا نەرسیس لە ئاو دێتەوەدەرێ...

ئەی وڵاتم دەنووم…

تا ئەم كوڕە نەفام و ڕیشن و بەدلڤاوانە تاقیاندەبڕێ

تا ئەم كچە خڕوخۆڵە پاشەڵپیسە دڵڕەقانە تاقیاندەبڕێت خوایە…

خوایە…

دەنووم تا هەتاهەتایە.

 *            *              *

هەندێ جار وا هەست دەكەم:

وەك مووشەك لە شەوەزەنگدا

وەك كچ لە ترومبیلی سەفەردا زەق و دیارم

هەندێ جاریش وا هەست دەكەم

وەك قورئان لە ماڵی سۆزانیدا

وەك كاتژمێر لە دۆزەخ‌دا بێكار و فەرامۆشكراوم

خوایە كەی بێت لەم زێرابە ڕەش و لیخن و پیسەوە

جارێكی تر یەكێكی تر لەدایكبێت

لە كتێبخانە و شەقام و بەر سینەماكاندا بۆم بگەڕێت

یادی ڕۆژگارەكانم بكات

ئاوات بخوازێ و حەز بكات

ئەو كوڕە چاوكاڵە بچكۆلانەیە سەرلەنوێ زیندووبێتەوە

بێت گۆڕەكەم هەڵباتەوەو ئێسقانەكانم بژمێرێت

كەلەسەرەكەم بگرێت بە دەستییەوە و بیلاوێنێ

مەگەر بە تەنها ئەوكاتە

ئا، ئەو مناڵە بێباكە

لەم تاریكییە دەرمبكات

ئەی وڵاتـم …

گوناحی من چییە

ئەگەر دز و شۆفیز و لانەواز و

ژنە مەمك چرچەكانتم خۆشبوێت

ئەو پیرەمێردانەم خۆشبوێت كە فرمێسكی خۆیان دەفرۆشن

ئەو كچە بچكۆلانەیەم خۆشبوێت

كە وەك كچی گەورەپیاوان

حەزیان لە كراسی سوور و جلی مەخمەڵ و قەیفەیە

حەزیان لە بۆنی عەتر و پەنجەی ئەستوری لاوخاس و لەزەتی ئەودیو پەردەیە.

ئەی وڵاتـم:

كوێر باڵداری پێ‌ناپێكرێت و منیش كوێرم

بەڵام كوێریش دەزانێت

كۆشكی سەد نهۆم و كۆڵیتی وێرانە مانای چی

دەزانێت…

شمشێرێكی لە ئارەزووی شاژن درێژتر و

گەردنێكی لە پیاوەتی شا باریكتر،

دەزانێت مانای چی بیست و سێ ساڵ لەسەر دەستت بەناو بەفردا بڕۆیت

بیست و سێ ساڵ، بە كامی دڵ قەپاڵ لە هەرمێیەك نەگریت

بە دیدو هوڕ لە ماشێنێكی سەوزدا شەقامەكان جەنجاڵ نەكەیت

ئەی وڵاتم!

ئەم پلەكە پێچاوپێچانە فڕێدە

با پزیشك و دانسازەكان لەو باڵەخانە و جێگە چەپ و كۆڵانە خەمگینانە بێنەدەرێ

با بەندیخانەكان لەم شەقامانەدا بكەینەوە

هەر دیلەی بە كالیپتوسێكی سەوزەوە دەبەستینەوە

وەرە ئەی وڵاتم، حەزێكی دوور و درێژ

وەكو دوكەڵكێشی كارگە گەورەكان دروستدەكەین

وەكو سمۆرە چۆن لەسەر دار دادەنیشێت…دادەنیشین

تۆ چاوێلكەیەكی ڕەش و بریقەدارت لە چاودایە و پێدەكەنی

منیش ئارەزوو لەناو زگمدا وەكو دوكەڵ لە شوشەیەكی باریكدا… دێت و دەچێت

ئەی وڵاتم!… من ئالێرانە و تۆ لەوێ

بمانەوێ و نەمانەوێت…

خۆشەویستی یەكمان دەوێت

تۆ پیاوێكی سمێڵ زەرد و چاوكاڵ و بازوو ئەستوریت

منیش كچێكی لاواز و بێنەوام

خۆم بە گەردنتدا هەڵدەواسم…

دەڵێم بمبە…

بمفڕێنە

بمخەرە سەر هەردوو شانت…

ئەی نیشتمان…

حەزەكەشمان هەتا بێت گەورەتر دەبێت

دەڵێم…

بمنێرە پشتی ئەسپە سورە كێوییەكەت

وەكوو تاڵانی بمبە بۆ كوڕانی خێڵەكەت

منیش پرچە ڕەشەكانم

بەسەر سینەی تۆپزیمدا، هاتۆتەخوار

تا لەزەتی هەرچی لە خوا ترسی دنیایە دەیتەقێنم،

عیشوە دەكەم

تا بە لەزەت چاوی یاسا و شەریعەتە ئاسمانییەكان كوێردەكەم،

عیشوە دەكەم

دەی ئەی وڵاتم… بمڕفێنە… بمڕفێنە

بە ڕووتی لە پێش دەمی سەرۆك و جەنگاوەرە ئازاكانتدا سەمادەكەم…

ئەگەر نەمبەیت…

دوا پەردەی شەرم و شكۆ دەدڕێنم

دەبمەوە بە كچە چاونەترسەكانی ناو دارستان... .

(به‌ختیــار عــه‌لی)