پاشای چه‌وساوه‌ی سینه‌مای کوردی، یه‌ڵمــاز گۆنـــای
یه‌ڵمــاز گۆنـــای
پاشای چه‌وساوه‌ی سینه‌مای کوردی
یه‌ڵماز گۆنای له ساڵی ۱۹۳۷ی زایینی له یه‌كێك له گونده‌کانی باکووری کوردستان واتا کوردستانی بنده‌ستی تورکیا، چاوه گه‌ش و خۆشبینه‌کانی به دیمه‌نی جوان‌و ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ئه‌ڵبه‌ت پر له زام و ئێشی نیشتمانه‌که‌ی ئاوه‌ڵه کرایه‌وه. هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا هه‌ژاری ئاوێته‌ی ژیانی ده‌بێت‌و تووشی کار‌و ئیشی مه‌زرا ده‌بێت.
له زانکۆی مافه‌کانی زانستگای ئه‌نقه‌ره (ئانکارا) په‌ره به خوێندن ئه‌دات‌و به هۆی ئاشنابوون له‌گه‌ڵ سیناریۆنووسێکی به‌ناوبانگ، ڕێگایه‌کی دیکه له ژیاندا ده‌گرێته به‌ر... .
ساڵی ۱۹۵۲ یه‌که‌مین نۆڤلێتی له گۆڤاری "بیر گوین"ی تورکیا بڵاو کرایه‌وه‌و له ۱۹۵۵دا چیرۆکێک ئه‌نووسێ که دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و حیکایه‌ته دادگای تورک ۷ساڵ‌و نیو زیندان‌و ۲ساڵ‌و نیوی دیکه دوورخستنه‌وه‌و شه‌لپین به سه‌ریا ئه‌سه‌پێنێت!! به‌ڵام دوای ماوه‌ی ۱ساڵ‌و نیو زیندان‌و ۶مانگ ته‌بعید ڕزگار ده‌کرێت. له‌و داستانه‌دا ژنه ڕه‌عیه‌تێک به ئاغا ده‌ڵێت که:" ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه که هێزو ده‌سه‌ڵاتداری ئێوه کۆتایی بێت".
ساڵی ۱۹۵۸ سیناریۆی فیلمی "ئالاگه‌یک"(مامز، ئاسک) ده‌نووسێت که بۆ خۆی ڕۆڵی سه‌ره‌کی فیلمه‌که‌یش له ئه‌ستۆ ئه‌گرێت و جارێکی‌تر دادگایی کرا به‌ڵام پێش ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی هه‌ڵدێت‌و خۆی ناداته ده‌ست ده‌سه‌ڵات.
ناوبراو له ماوه‌ی ۵ ساڵ زیاتر له ۶۰ فیلمی ساز کرد که سیناریۆنووس و کایه‌گێڕی زۆربه‌یان خۆی بوون‌و هێندێکیان وه‌ک "ئاکاد و به نێوی یاسا" ناوبانگێکی مه‌زنیان بۆی دروست کرد تا ڕاده‌یه‌ک که زۆربه‌ی خه‌ڵکی وڵاتی تورکیا به نازناوی "سوڵتانی چه‌وساوه‌ی سینه‌ما" ناویان ده‌برد.
له ۱۹۷۴ به دواوه فیلمنامه وه‌ک: "سوور‌و: ڕان" و " یووڵ: ڕێگا" و ...هتد ئه‌نووسێت که به تاوانی نووسینی یه‌کێک له‌وانه ۱۸ ساڵ زیندان و ۵ ساڵ دوورخستنه‌وه به‌سه‌ریدا سه‌پێندرا. له زیندان نامایه‌کی سه‌رئاوه‌ڵه بۆ "سینیۆر فێرناندز هێریه‌را" سه‌رپه‌رشتی مێهره‌جانی سینه‌مایی "فالادید" له وڵاتی ئه‌سپانیا ئه‌نێرێت که له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ش 5ساڵ به‌ندکرانی دیکه به سزاکانی زیاد ئه‌کرێت!
به‌ڵام یه‌ڵماز کۆڵی نه‌داو له به‌نددا چه‌ن چیرۆک ئه‌نووسێت‌و بۆ هه‌ڤاڵانی له ده‌ره‌وه نارد و ئه‌وانیش فیلمیان لێ ساز ده‌کرد، که یه‌کێک له‌وان به نێوی "سوور‌و: ڕان" له وڵاتانی ئه‌وروپی ناوبانگێکی زۆری ده‌رکرد.
گۆنای تا ساڵانی هه‌شتاکان به زیاتر له سه‌د ساڵ به‌ندکران مه‌حکووم ده‌کرێت‌و بۆ یه‌که‌مجار له‌م ساڵانه‌دا به حوکمێکی یه‌کجار تونده‌وه له ئیشی سینه‌مایی به گشتی دوور ئه‌خرێته‌وه.
ساڵی ۱۹۸۰ له دادگا داوا ده‌کا بۆ سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌که‌ی ماوه‌یه‌ک ده‌رفه‌تی بده‌نێ که وه‌رده‌گیرێت‌و ئه‌ویش له‌م هه‌له به زوویی که‌ڵک وه‌رئه‌گرێت‌و ڕوو ده‌کاته تاراوگه‌و به‌ره‌و پاریس هه‌ڵدێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک که هه‌ڵاتنی یه‌ڵماز زۆر به‌لایانه‌وه گرانه ئه‌مجاره‌یان پیشاندان‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلم‌و چیرۆک‌و ده‌نگ‌و ڕه‌نگی یه‌ڵماز له تورکیا بڤه ده‌که‌ن.
له ۱۹۸۲ له مێهره‌جانی "کان"، فیلمی "ڕێگـــا"ی یه‌ڵماز، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی مێره‌جان‌و پله‌ی یه‌که‌م وه‌رده‌گرێت‌و گۆڤار‌و ڕۆژنامه سه‌ربه‌خۆکانی سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌که‌ونه باریقه‌ڵا گوتنی یه‌ڵماز گۆنای و به‌مجۆره یه‌ڵماز ده‌بێته که‌سایه‌تییه‌کی هه‌ره گه‌وره‌و مه‌زن و ناسراو له جیهانی سینه‌ما.
له ئاکامدا یه‌ڵماز له ڕۆژی ۹‌ی سیپتامبه‌ری ۱۹۸۴ی زایینی (۱۳ی زیحه‌جه‌ی ۱۴۰۴ی کۆچی مانگی) له یه‌کێک له نه‌خۆشخانه‌کانی شاری پاریس ژیانی پڕ له هه‌ورازو نشێوی کۆتایی دێت و به دوای داخوازی و وه‌سییه‌تی خۆی ته‌رمه پیرۆزه‌که‌یان بۆ ئه‌نستیتۆی کورد گوێزاوه‌و تا ڕۆژی ۱۴‌ی ئه‌و مانگه له‌وێ مایه‌وه. دواتر ته‌رمه‌که‌ی دوور له زێد‌و نیشتمانه‌که‌ی له گۆڕستانی به‌ناوبانگی "پیرلاشیز"ی پاریس به خاك سپاردراو بۆ هه‌میشه یه‌ڵماز له کوردستان دوور خرایه‌وه.
تۆ بڵێــی چه‌نــده لێــک دوور بن