سه‌قـــز، شــاری یازده ئهستێــره
شاری یازده ئه‌ستێره
سه‌قــز ئه‌ی شاری مێژویی له مێژم
سه‌قـــز ئه‌ی خاوه‌نی مێــژوی درێژم
ئه‌تۆ بووی گـه‌وره شاری شا دیاکۆ
دیاکــۆی ئیمپــه‌ڕآتووری گــه‌لی تۆ
دیاکــۆی خـاوه‌نی ناو و نیشــانه
قه‌ڕاڵی گه‌وره هێزی ئه‌و زه‌مانه
له ده‌شتی زێڕی تۆ زه‌رده‌شت ژیاوه
له دونــدی تۆ گـــڕی ئاگر گـــــڕاوه
به هێـــزی بیری رووناکی ئه‌وێستــا
خه‌ڵک حاڵین و ده‌روه‌ستن ئه‌وێستا
خده‌ی پاک و وته‌ی پاکی مه‌شوورن
ئـه‌وه‌ی وابن له کــاری به‌د بـه‌دوورن
ته‌لاری زێـوییـه‌ت ناوی به‌نــاوه
قه‌ڵایه‌ک بوو له‌وێ مانی ژیاوه
که مانایی ده‌ڵێن خه‌ڵکی ئه‌وێ بوون
مانا وه‌یه که مانیش هه‌ر له‌وێ بوون
به هۆی ئه‌نتیکه کۆنینه‌ی ئه‌وێوه
وڵاتی مه وه‌ها نێــوی به نێــوه
له مووزه‌ی له‌نده‌ن و بێڕلین و تاران
له پاریس و له باقی گه‌وره شاران
هه‌چی جێیه‌ک ده‌چی، مه‌شهووره نێوت
هه‌مووی پڕیه له ئه‌ڵماس و له زێوت
له ئاساری به نرخی گه‌وهه‌رینت
له مێژوولکه و له پێشینه‌ی به‌رینت
ئه‌وه‌ی شوێنه به سامانت غه‌نی بوو
فه‌قه‌ت سه‌قز له به‌شدا بێبه‌ری بوو
له زیندان و له قه‌سری شیسی سه‌ردار
که هه‌ڵکه‌وتوون له نێو مه‌ڵبه‌ندی هه‌وشار
سه‌دان شا وه‌ک سوله‌یمان لێی ژیاوه
له مێژوودا هه‌مووی شه‌رحی دراوه
که‌ره‌فتوشت که ئه‌شکه‌وت و قه‌ڵایه
له مێژودا که‌لایه و سه‌رمه‌ڵایه
له کاتێکدا وڵاتێ سه‌ربه‌خۆ بووی
سه‌رۆکی ئه‌م هه‌رێمانه ئه‌تۆ بووی
ئه‌تۆ هاوشانی که‌لده و رۆمی کۆنی
وه‌ها کۆنی، که‌سێ نازانێ چۆنی
ئه‌ونده‌ت باسی مێژوویی له لایه
که باسی ئه‌و له ده‌ست ئه‌م باسه نایه
له پاشا دینی ئیسلام هاته ماڵت
محه‌ممه‌د بوو به مێعماری خه‌یاڵت
ئه‌تۆی زێدی گه‌لێ پیاوانی گه‌وره
ئه‌تۆی مینگه‌ی ئه‌میر و میری ده‌وره
خه‌ڵیفه‌ی ئه‌سته‌مووڵی نوێنه‌ری دین
که دینی کرده گه‌پجاری گه‌پ و قین
خه‌یاڵی خاوی که‌وته نێو خه‌یاڵه‌و
به ئه‌رکان و به تۆپ و هێزی زاڵه‌و
به هێرش هاته سه‌ر ئه‌م خاکه پاکه
که دیلی کا هه‌موو ئه‌م خه‌ڵکه چاکه
دڵۆڤانێ به ناوی سه‌یفه‌دین خان
ئه‌میری سه‌ققز و جێی رێزی هه‌موان
له هۆزی ئه‌رده‌ڵان و خێڵی شازت
له زومڕه‌ی خانه‌دانی سه‌رفه‌رازت
به‌ریگرتن به ته‌گبیر و به نێزه
مرۆڤی وا به حه‌ق به‌رز و به‌ڕێزه
به‌ڵام ئه‌رکان به فێڵ و حوققه‌بازی
به پیلان و ده‌سیسه و فێڵه‌بازی
به ناوی دین و ئایینی خوداوه
له پش په‌رده‌ی فڕ و فێڵ و ریاوه
له‌داری دا ئه‌میری مه‌زنی کوردان
غه‌مینی کرد جه‌حێڵ و پیر و وردان
ئه‌گه‌رچی دوای ئه‌وه‌ش سه‌رکوت کراوی
به‌ڵام سه‌قز! ئه‌تۆ هه‌ر مای و ماوی
حه‌ماسه‌ی شێره‌ژن هی پاشه‌رۆکه
خه‌باتی گیانفیدایی سێ سه‌رۆکه
سه‌رۆکی سێ سه‌رۆکت هێند به‌ناوه
که سالاری به به‌ژنی ئه‌و بڕاوه
له به‌ستێن و له شانۆگه‌ی هونه‌ردا
لیباسی فه‌خری کوردانت له‌به‌ردا
له ئاسمانی هونه‌ر ناهیده به‌رزه
له میڕڕیخه و که‌چی ناهیدی عه‌رزه
ئه‌وی دی نه‌خشی وه‌ک ده‌ستانی مانی
به‌وه‌و به‌نده هونه‌ر مان و نه‌مانی
برای زێ‌زێ له نێو کوردا مه‌شوورن
نه‌شه‌ی ژینن، قه‌وامی قامی شوورن
ده‌زانی شوێنه‌واری کاکی زاری؟
گوڵستانه له وێژه‌ی کورده‌واری
چه‌نێ جوانن گوڵی شێعری خه‌مینت
ئه‌دیبی جوانه‌مێر و دڵحه‌زینت
له زانادا ره‌فیع و ده‌وڵه‌مه‌ندی
وه‌ها به‌رزی وه‌کوو کوێستانی له‌ندی
نبووغی شێخ حه‌سه‌ن، پیتۆڵی گه‌وره
گه‌لێ فه‌خره له بۆ زانستی ده‌وره
خه‌تی ده‌ستی وه‌ها تاق و سه‌لیسه
که قوڕئانی له دنیادا نه‌فیسه
سه‌ره‌پیاوت هه‌موو روون و بزانن
دژی جه‌رده و چه‌ته و لات و دزانن
ژنانت خاوه‌نی ده‌رک و خه‌یاڵن
نمونه‌ی کوردن و کانی که‌ماڵن
کوڕانت قاره‌مانی بێنیشانن
له رێی عیلما ئه‌کۆشن، بێوچانن
کچانی تۆ رچه‌ی ژیلایه رێ‌یان
له جێی په‌رچه‌م هه‌موو ئاڵایه پێیان
هه‌رێمی تۆ به دیمه‌ن وه‌ک به‌هه‌شته
چیایه، به‌نده‌نه، گوڵزاره، ده‌شته
وه‌نه‌وشه‌ت خێڵگه‌یه بۆ لۆ و وه‌نه‌وشه
به‌هارانه، له‌به‌ر شینی وه‌نه‌وشه
هه‌وارگه‌ی نه‌که‌رۆزت ته‌رز و به‌رزه
له به‌رزیدا ده‌ڵێی سه‌ربانی عه‌رزه
که‌لی خانت له رۆژاوا چه‌قیوه
که‌سێ شانۆی وه‌ها شه‌نگی نه‌دیوه
ئه‌مه نه‌ختێ له ئه‌وسافی ئه‌تۆ بوون
ئه‌وانه‌ی بوون له بیری من وه‌کۆ بوون
سه‌قز ئه‌ی لانکی فه‌رهه‌نگ و مێژوو
ئه‌رێ ئه‌ی گه‌وره‌شاری سه‌رده‌می زوو
ئه‌وێستاکه وه‌کوو پێشوو نه‌ماوی
به یه‌کجاری وه‌پشتی گوێ خراوی
له به‌رچی خه‌ڵکه‌که‌ت بێ کار و بارن؟
کز و ده‌سته‌نگن و رووت و هه‌ژارن!
زمانی ژینه‌وه‌ر ئازاده پاکی
له ده‌ریایی و له بۆشایی و له خاکی
ته‌نانه‌ت کونده‌بووش کوندی ئه‌خوێنێ
فه‌قه‌ت کورده ئه‌بێ کوردی نه‌خوێنێ
ئه‌دییبت پاکی ئاواره و هه‌ژارن
شپرزه و بێکه‌س و هه‌ردی و په‌ژارن
خه‌ڵاتی نووسه‌رت به‌رهه‌م دڕینه
میداڵی هۆنه‌رت رۆزی بڕینه
گۆرانی و به‌سته و لاژه و مه‌قامت
حه‌ماسه و هۆره و به‌یت و که‌لامت
دزیویانه دزانی چه‌شنی تاتلیس
له تارانه‌و هه‌تا ئامێد و بتلیس
هونه‌رمه‌ندت غه‌واره و بێ په‌نایه
ره‌فایل بێ که‌ساس و که‌م به‌هایه
ئه‌دیب و نوسه‌رت بۆ دائه‌تاشن
له‌وه‌ی بێمایه و هین و قه‌لاشن
ئه‌مه پاکی نه‌خۆشی ده‌رده کورده
په‌تایه هی زله و منداڵ و ورده
له جێیه‌ک نا له پێنج جێ هه‌ر وه‌هایه
مرۆڤی کورد غه‌واره و بێ‌به‌هایه
له‌به‌رچی کاری خۆت پێ‌ناسپێرن؟
ره‌ئیسی تۆ له شارانه‌و ئه‌نێرن؟
له نێو تۆدا مه‌گه‌ر قه‌حت‌وڕیجاله؟
مه‌گه‌ر چی که‌متره قاله له ناله؟
له مێژه پێی وتووین مامه پیرێ
(به‌ده‌ستی خه‌ڵک به‌ته‌نیا مارئه‌گیرێ)
وه‌رن چاره‌ی بکه‌ن ئه‌م ده‌رده پیسه
ده‌نا کار‌و هه‌مووی ریس و گوریسه
په‌ره‌ی زانست عیلاجی ده‌رده کورده
ده‌وایه و مه‌ڵهه‌می کوردانی گورده
ده‌سا بێن و بخوێنن، هه‌ر بخوێنن
به رۆژ و شه‌و وشه‌ی زانست بچێنن
گه‌لی زیندوو، گه‌لێکه خوێنده‌واره
له تێکنیک و له زانینا ته‌یاره
گه‌لێکه باسه‌واد و باسرووره
له دنیادا له گش کۆسپێ به‌دووره
چه‌کی کاری رمی پێنووسه ئێستا
مه‌یانی شه‌ڕ په‌ڕه‌ی لێنووسه ئێستا
سروودی جه‌نگ گه‌شه‌ی رێنووسه ئێستا
په‌ری زانست کچی ڤێنووسه ئێستا
له مه‌یدانی ژیانا بیر و ته‌گبیر
بڕشتی زیاتره تا شیر و تا تیر
ده‌سا رابن به گیان و دڵ بخوێنن
به‌ره‌ی خه‌وتوو له خه‌وتن، راپه‌رێ
تۆ بڵێــی چه‌نــده لێــک دوور بن