ئه‌ی نیشتمانه بێنازه‌که‌م!
نیشتمانه بێنازه‌که‌م!
هۆ بابه پیره خاسه‌که‌م،
ئه‌ی دایکه چاو پڕ له خوێن و ئه‌سرینه‌که‌م.
هۆ برا گیان،
خوشکه شۆخه دڵ پڕ زام و برینه‌که‌م.
هۆ داپیره بسک سپی و باپیره پشت چه‌ماوه‌که‌م.
هۆ هاوڕێی ڕێی سه‌فه‌ری دوور نازداره خوێن شیرینه‌که‌م.
تاقانه گیان،
چاوگه‌ی ژیان،
لانه‌ی هه‌ڵۆ و بێچوه شێران.
سۆمای دیده،
هێزی بازوو،
رێبواری شه‌که‌ت و ماندوو.
زێدی پاک و خاکی پیرۆز،
لێت پیرۆز بێ هه‌زار نه‌ورۆز. ئه‌رێ نووری چاوه‌کانم،
خه‌نده و بزه،
ئه‌رێ به‌ندی دڵ و هه‌ناو،
رووگه‌ی ڵاڵه و نزاکانم.
خۆشه‌ویستم!
له‌و ساته‌وه‌ی له ته‌نیاییدا جێم هێشتی و
بڕیارماندا تۆ بۆم ببی به دایکێک و
منیش ببمه کۆرپه بۆتۆ.
له‌و ده‌مه‌وه‌ی کۆتا کۆچمان سه‌فه‌رێک بوو دوور و درێژ،
هه‌ر له‌و ساوه،
له‌و کاته‌وه چوار وه‌رزی من هه‌ر پاییزه،
هه‌ر ده‌گه‌ڕێم بۆو نیگایه‌ی له دیداری گه‌لم زیزه.
ئێستاش که‌وا له نیگای پڕ نوورت دوورم له‌بۆ دیدارت هه‌ر سوورم.
به‌ڵام چ بکه‌م
نه په‌نجه‌کان خامه ده‌گرن نه ده‌سته‌کان په‌نجه‌کانم له‌خۆ ده‌گرن.
له ئاستتدا وێکڕا ماتن،
سیسن له‌رزۆکن نه‌زۆکن،
نه‌ک هه‌میشه به‌و شێوه بن، نا،
ته‌نها کاتێ دڵ ده‌یه‌وێ بۆت بنووسێ و فه‌رمان ده‌کاته په‌نجه‌کان تاو بده‌نه پێنووسه‌که‌م.
په‌نجه‌کانم هاوڕێ له‌گه‌ڵ خامه‌ی ده‌ستم له هیچ کاتێ و بۆ هیچ که‌سێ دانامێنن،
له‌مپه‌ری سه‌ر رێ ده‌شکێنن.
گه‌ر ده‌شپرسی چۆنه له‌هه‌مبه‌ر جوانی تۆ خامه و په‌ڕاو نایه‌نه گۆ!
ئه‌وه له حاست به‌رزیی تۆیه شه‌رم سه‌رتا پایان ده‌گرێ و کاری نووسین سه‌رناگرێ.
شیرینه‌که‌م!
بیرمه جارێک ته‌مام بوو وه‌ک گه‌وره پیاوان
رێژنه‌یه‌ک له وشه‌ی زێڕین ببارێنمه سه‌ر په‌ڕاوی یادگارییه‌که‌م.
یه‌کم نووسی،
له حاست جوانیی تۆدا نه‌بوو تووڕم هه‌ڵدا،
تاوم داوه و دیسانه‌وه که‌وتمه نووسین،
به‌ڵام هه‌مدیس کاڵا به‌قه‌ت باڵا نه‌بوو،
ئه‌ویش به مرادی ئه‌وه‌ڵ چوو.
له‌و رۆژه‌وه ده‌سته‌وئه‌ژنۆ بۆ وشه‌یه‌ک تا بیکه‌مه دیاریی بۆ تۆ.
بڕوام پێبکه له بێ‌تۆییه وا ئه‌مڕۆ کاروانی هه‌ڵبه‌ست و شیعرم بێ چرپه و بێ هه‌ست و نه‌سته.
لێم مه‌ڕه‌نجه و تووڕه مه‌به،
ده‌زانم ئێستاکه ده‌ورت وه‌ک دڵی من چۆڵ و هۆڵه.
خۆشه‌ویسته شیرینه‌که‌م!
هۆ کوردستان!
نیشتمانه تاقه‌گیانه چوار لاشه‌که‌م،
به گیانی پڕ ژانت قه‌سه‌م له هه‌ر کوێ ناوی تۆ دێنن،
له‌هه‌ر جێ و هه‌ر کات و ساتێ له نووسراوه‌دا ده‌تخوێنن ئه‌من بستێ باڵا ده‌که‌م.
خۆ ده‌شزانم هه‌بوون و هه‌ن و هه‌ر ده‌بن نووسه‌ری بێ هه‌ست و ده‌ربه‌ست،
به ناوی تۆ و له‌ســه‌ر حیسابی خاکی تۆ،
ورگ و گیرفانان پڕ ده‌که‌ن.
به‌ڵام خۆت چاکتر ده‌زانی کێن ئه‌وانه‌ی له ئاستتدا کڕنووشبه‌رن و
ئه‌وانه‌ش وا له‌وه‌ته‌ی هه‌ن،
هه‌تا هه‌بن هه‌ر هه‌ڕاجفرۆش و ده‌ستــبڕن.
تۆ بڵێــی چه‌نــده لێــک دوور بن